سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن

نووسەر: د. هادی وەیسی و موحەممەد موحەممەدئەمینی
ڕێکەوت: 2016/10/06

بەشی یەکەم: ناساندنی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن

یەکێک لە گرینگترین قازانجەکانی تێکنۆلۆژی باشتر کردنی ئاستی ژیان و ساکارکردنەوەی شێوازی ئەنجامی کاروبارەکانی مرۆڤە. ژیانی ئەمڕۆی مرۆڤەکان ئاوێتەی جۆرە جیاجیاکانی کۆمپیووتەرەکان بووە و ئەم پیشەزانییە لە خێراکردن و ساکارکردنەوەی کارەکاندا ڕۆڵێکی بەرچاوی بینیوە. ژیریی دەستکردی وەک یەکێک لە بوارە نوێیەکانی جیهانی کۆمپیووتەر هەوڵ دەدات سیستمگەلێک بەرهەم بهێنێت کە هەڵسوکەوتیان هاوشێوەی هەڵسوکەوتی مرۆڤ بێت و لەم ڕێگەیەوە ئامێرگەلێکی نوێ بۆ باشترکردنی ژیانی کۆمەڵگە بەرهەم بهێنێت کە هەندێک لەو ئامێرانە سەردەمێک بۆ مرۆڤ وەک خەون بوون. پەرداوتنی سیگناڵی دیجیتاڵ و بە شێوەیەکی تایبەتتر پەرداوتنی ئاخاوتن بوارێکی ژیریی دەستکردە کە هەوڵ دەدات لە ناسینەوە و تێگەیشتنی ئاخاوتن، بەرهەمهێنانی ئاخاوتن و باشترکردنی ئاخاوتن وەکوو مرۆڤ هەڵسوکەوت بکات.

ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن (ASR: Automatic Speech Recognition)، سەنتێزی ئاخاوتن یان گۆڕینی دەق بۆ دەنگ (TTS: Text-To-Speech)، پەستاوتن و ئینکۆدکردنی ئاخاوتن و باشترکردنی کوالێتیی ئاخاوتن لە گرینگترین بەشەکانی بواری پەرداوتنی ئاخاوتنن کە هەرکامیان لە باشترکردنی ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی بەرچاویان هەبووە. ناسینەوەی ئاخاوتن کە بە پڕۆسەی گۆڕینی دەنگ بە دەق یان دەستوور دەوترێت ئەو تواناییە بە کۆمپیووتەرەکان و مەکینەکان دەدات کە ئاخاوتنی مرۆڤ ببیستن و پاش گۆڕینی بە دەق (تایپی ئاخاوتن) لە وەڵامدا دژکردوەی شیاو لە خۆیان بنوێنن. بەم شێوازە مرۆڤەکان دەتوانن خێراتر و ساکارتر لەگەڵ مەکینەکانی دەوروبەریان پەیوەندی ساز بکەن و ئەو تواناییە دەدات بە مرۆڤەکان کە بەبێ بەکارهێنانی دوگمە و کلیلەکان بتوانن لەگەڵ کەرەسەکاندا زۆر بە ساکاری پەیوەندی ساز بکەن. سەنتێزی ئاخاوتن یان گۆڕینی دەق بە دەنگ بەو مێتۆدانە دەوترێت کە ڕێگە دەدات کۆمپیووتەرەکان دەقی تایپکراو بخوێننەوە. سەنتێزی ئاخاوتن ڕێگە دەدات کە زۆر سیستم وەک ئاگادارکردنەوەی تەلەفۆن و نەرمامێرەکانی مۆبایلەکان بتوانن دەق و زانیارییەکی نوێ کە وەریدەگرن بەبێ یارمەتیی مرۆڤەکان دەریبڕن. بۆ وێنە: گۆڕینی دەقی کتێبە ئەلەکترۆنییەکان بە دەنگ و خوێندەوەی کورتەنامە لە کەڵکەکانی ئەم سیستمانەن. جگە لەمانە، سیستمەکانی خوێنەری دەق بوونەتە هۆی ئەوەی کە جیهانی نابینایان بە گشتی ئاڵوگۆڕی بەسەردا بێت، سیستمەکانی کە لەسەر ئەم بنەمایەن ئەو تواناییە بە نابیناکان دەدن کە بتوانن بابەتەکان و دەقەکان بە شێوەی دەنگ ببیستن. ئاگاداری لە جیهانی دەرەوە، دەستڕاگەیشتن بە سەرچاوەی زانیاریی جیاجیا وەک کتێبەکان و ماڵپەڕە ئینتەرنێتییەکان، ساکارکردنەوە و خێراکردنی فێرکاری لە کەڵکەکانی ئەم سیستمانەن. پەستاوتن و ئینکۆدکردنی دەنگ لە گرینگترین تێکینکەکانی پەرداوتنی ئاخاوتنە کە لە سیستمەکانی پەیوەندیی دوورادووردا (بە تایبەت لە سیستمە بێتەلەکان وەک مۆبایل) و پاشەکەوت کردنی زانیارییە دەنگییەکان (وەک شێوازە جۆراجۆرەکانی پەستاوتنی دەنگ) کەڵکیان هەیە. شێوازەکانی باشترکردنی کوالێتیی ئاخاوتن وەک ئامرازێک بۆ زیادکردنی کوالێتیی سیگناڵە دەنگییەکان و سڕینەوەی نۆیز لە دەنگ یان بەهێزکردنی کۆئەندامی بیستنی ئەو کەسانەی گوێیان قورسە، بەکار دێت. سڕینەوەی نۆیز لە کابینی فڕۆکەوان لە هێلیکۆپتەرەکاندا، بردنەسەری کوالێتیی کاسێتە کۆنەکان و لابردنی ژاوەژاوی دەوروبەر لە بیستۆکەکاندا نموونەگەلێکن لە کەڵکەکانی ئەم تێکنیکانە.

سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن کە لەم وتارەدا باسیان لێدەکرێت وەک یەکێک لە گرینگترین ئامێرە نوێکانی پەیوەندی نێوان مرۆڤ و کۆمپیووتەر ڕۆڵێکی زۆر گرینگیان لە خێراکردن و ساکارکردنەوەی پەیوەندی و دەستڕاگەیشتن بە تێکنۆلۆژییە نوێیەکان هەبووە. لەڕاستیدا، جگە لەوەی کە قسەکردن و ئاخاوتن یەکەمین، سادەترین و بەکەڵکترین شێوازی سازکردنی پەیوەندی بووە و وا دەمێنێت، ڕەوتی هەنووکەی تێکنۆلۆژی بە شێوەیەک  بووە کە نەیتوانیوە ئەم کێشەیە چارەسەر بکات. لێهاتوویی و چاوەڕوانیی مرۆڤەکان لە تێکنۆلۆژی چارەسەری کێشە ئاڵۆز و زۆر ئاستەمەکان بووە، بەڵام مەکینەکانی ئێستا سەرەڕای توانایی زۆر و خێرابوون و وردبینی، نەیانتوانیوە ساکارترین کارەکانی ژیانی ڕۆژانە جێبەجێ بکەن، کێشەیەک کە پسپۆڕانی ژیریی دەستکردی بەم پەندە باسی دەکەن: "کارە ئاستەمەکان ساکار و کارە ساکارەکان ئاستەمن!" . کەڵکوەرگرتن لە ئاخاوتن وەک سروشتیترین ڕێگەی پەیوەندی، لە ئاواتە لەمێژینەکانی مرۆڤ بۆ پەیوەندی لەگەڵ مەکینەکان بووە. بەڵام سەرەڕای پێشکەوتنی تا ڕادەیەک زۆری مەکینەکان و ئاوێتەبوونیان لەگەڵ ژیانی ڕۆژانەی کەسەکان. پەیوەندی لە ڕێگەی ئاخاوتن و پێکەوە قسەکردنی نێوان مرۆڤ و مەکینە ئاستەمە.

ئاڵۆزیی یەکجار زۆری پێکهاتە و کۆئەندامی بەرهەمهێنان و ناسینەوەی ئاخاوتن لە مرۆڤدا و نەناسراوبوونیان، دەستڕانەگەیشتن بە قەبارەیەکی گەورە لە دەیتاکان بۆ سازکردنی مۆدێلەکان لە ژیریی دەستکردیدا، هەروەها لاوازیی لە پەرداوتن و کەمیی بیرگەی سیستمە کۆمپیووتەرییەکان لە هۆکارە سەرەکییەکانی نەگەیشتن بە تێکنۆلۆژیی ئاخاوتن و پەرداوتنی ئاخاوتن تاکوو دوو دەیەی پێشوو بووە. بەڵام لەگەڵ پێشکەوتنەکانی ئەم دواییەی دەیتاکانی بەردەست و چوونەسەری توانایی پەرداوتن و بڕی بیرگەی کۆمپیووتەرەکان و لە ئاکامی هەوڵ و توێژینەوەی بەربڵاو لە بوارەکانی پەرداوتنی ئاخاوتن، زانستی کۆمپیووتەر، ناسینەوەی پەتێرن، تیۆریی زانیاری، زمانناسی، فیزیۆلۆژی و دەروونناسی، ئەمڕۆکە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن چوونەتە بواری جێبەجێ کردن و دەتوانین لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە لەگەڵ مەکینەکان پەیوەندی ساز بکەین. سیستمەکانی ئێستاکەی ناسینەوەی ئاخاوتن هەرچەند کۆمەڵێک کێشەیان هەن، بەڵام لە زۆر جێگەدا بەشێوازێکی کاریگەر بەکار دەهێنرێن و ئەم بابەتە زیاتر توێژەران و پەرەدەرانی هان داوە کە ئەم سیستمانە باشتر بکەن. ئەمڕۆکە جگە لە زمانی ئینگلیزی بۆ زمانی دیکە و لەوانەش زمانی فارسی بۆ دەستڕاگەیشتن بەم تێکنۆلۆژییە و  خستنە بواری جێبەجێ کردن هەوڵ دەدرێت. لە نموونە گشتی  و بازرگانییەکانی ئەم سیستمانە کە لەبەر دەستدان دەتوانین ئاماژە بە سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتنی گووگڵ (بۆ تایپ و گەڕان بە دوای دەستەواژەکاندا بە دەربڕینان لە ڕێگەی ئاخاوتنەوە) و مایکرۆسافت (بۆ فەرماندان بە ویندەوز) و ئاریکارە ژیرەکان لەسەر مۆبایلەکان وەکوو Siri لە iOSی کۆمپانیای ئەپڵ، Cortana لە ویندەوزی مۆبایلی کۆمپانیای مایکرۆسافت و Google Now لە ئەندرۆیدی کۆمپانیای گوگڵ بکەین. هەڵبەت دەبێت ئەوە بڵەین کە ئەم سیستمانە هێشتا لە سەرەتادان و لە بارودۆخی ڕاستەقینە وەک شوێنێک کە نۆیزی زۆرە یان لە ناسینەوەی ئاخاوتنی نافەرمی و دوان بە بنزاراوەکان تووشی هەڵەیەکی زۆر دەبن.

قازانجەکان و کەڵکەکانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن

تێکنۆلۆژییەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن چ بە شێوەی سەربەخۆ چ بە شێوەی ئاوێتە لەگەڵ تێکنۆلۆژییەکانی دیکەدا بە کار دەهێنرێن. ناسینەوەی ئاخاوتن سەرەڕای کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر بەکارهێنانی زیاتری زمان و زیندووڕاگرتنی، دەبێتە هۆی ئەوەی کە ئاخێوەرانی زمانەکان بە شێوازێکی سادەتر پەیوەندی لەگەڵ یەکتری ساز بکەن. بۆ وێنە، ئەگەر وەرگێڕێکی ئاخاوتن بە ئاخاوتن لە زمانی کوردییەوە بۆ زمان(ەکانی) دیکە ببێت، هەم ڕێگەی پەیوەندیی کوردەکان لەگەڵ زمانەکانی دیکە کردەیی دەبێت و هەمیش پێویست ناکات کە بە شێوازی  ڕاستەوخۆ زمانێکی دیکە بەکار بهێنن. بەڵگەنەویستە کە سازکردنی پەیوەندیی ئاسان و بە تێچووی کەم لە نێوان تاکەکانی زمانەکاندا دەبێتە هۆی گەشە و پەرەسەندوویی لە بوارگەلی فەرهەنگی، زانستی، ئابووری، توریستی، سیاسی و هتد. لە لایەکی دیکەوە، بەکارهێنانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن دەبێتە هۆی چوونەسەری ئاستی ژیان، چوونەسەری کوالێتیی خزمەتگوزارییەکان و بە دەستهێنانی ڕەزایەتی مشتەری و لە ئەنجامیشدا دەبێتە هۆی بە دەستهێنانی داهاتی زیاتر. بەکارهێنانی ناسینەوەی ئوتۆماتیکیی ئاخاوتن لە شوێنە جیاجیاکاندا سەرەڕای ساکارکردەوەی زیاتر دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی تێچوو بۆ کۆمپانیاکان و ڕێکخراوەکان.

بۆ وێنە دەکرێت ئاماژە بە تایپی ئاخاوتن لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت لەسەر دۆخی نەخۆشەکان بکەین کە لە لایەن پزیشکەکانەوە دەبێت ئامادە بکرێت. لە ئامادەکردنی ڕاپۆرت یان ئامادەکردنی شیکاری سەبارەت بە وێنەیەکی ڕادیۆلۆژی بە شێوەی نەریتی، دەبێت سەرەتا  پزشک ڕاپۆرتێکی نووسراو لەسەر دۆخەکە ئامادە بکات و ئەم ڕاپۆرتە لەلایەن بەردەستێکەوە بنووسرێت و دیسان بگەڕێنرێتەوە بۆ پزشکەکە و ئەگەر پێویست بوو هەڵەگری بکات. دوای ئەم قۆناغە بەردەستەکە هەڵەکانی ڕاست دەکردەوە و دیسانەوە ڕادەستی پزشکەکەی دەکرد تاکوو پشتڕاستی بکاتەوە. دیارە کە ئەم پڕۆسە کاتێکی زۆری دەوێت و بەشێکی بەرچاو لە کاتی پزشک دەگرێت. ئەمڕۆکە سیستمەکانی ئۆتۆماسیۆنی ڕاپۆرت وەرگرتن کەڵک لە توانایی ناسینەوەی ئاخاوتن وەردەگرن و کات (و تێچوو) تا ڕادەیەکی زۆر دەگەڕێننەوە. وەک کەڵکێکی ڕاستەقینە لەو سیستمەدا سەرەتا ڕاپۆرتی پزشک لە لایەن ئامێڕە دیجیتاڵییەکانەوە تۆمار دەکرێت و یەکسەر (بە شێوازی بێتەل) دەنێردرێت بۆ سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتن تاکوو بیکات بە دەق. لە ڕاپۆرتێکدا کە کۆمپانیای فیلیپس لەسەر وەها سیستمێک داویەتی، وتوویەتی کە کاتی ئامادەکردنی ڕاپۆرتێک کە پێشتر یەک هەفتەی پێدەچوو بۆ ٤٨ کاتژمێر کەم بووەتەوە. دیارە کە سەرەڕای کەمکردنەوەی تێچووی کات و پارە، ڕازیبوونی سەردانکەران و نەخۆشەکانیش مسۆگەر دەبێت.

نموونەیەکی دیکە لە کەڵکەکانی ناسینەوی ئاخاوتن کە گرینگی ئەم تێکنۆلۆژییە پیشان دەدات، وەرگێڕی ئاخاوتن بە ئاخاوتنە. لە وەرگێڕی ئاخاوتن بە ئاخاوتندا سەرەتا دەنگ لە زمانی سەرچاوەوە (بۆ وێنە کوردی) دەبێت بە دەق کە بۆ ئەم کارە لە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن کەڵک وەردەگیرێت، پاشان دەقی زمانی سەرچاوە لە ڕێگەی وەرگێڕانی ماشینی بۆ دەقی زمانی مەبەست (بۆ وێنە ئینگلیزی) وەردەگێڕدرێت و لە ئەنجامدا دەقی زمانی مەبەست لە ڕێگەی سیستمەکانی خوێندەوەی دەق دەکرێتەوە بە ئاخاوتن. نموونەیەکی ئەم تێکنۆلۆژییە لە لایەن مایکرۆسافتەوە بۆ چەند زمان لە نەرمامێری Skypeدا پەرە دراوە. نموونەیەکی پێشووتر، Phraselator   بوو کە لە لایەن چەکدارانی ئەمریکاییەوە لە شەڕی ئەمریکا و ئێراقدا بەکار براوە. ئەم سیستمە ئامێرێکە لە شێوەی مۆبایل کە بۆ وەرگێڕانی هەندێک دەستەواژە و ڕستە لە وتوووێژی ڕۆژانەی سەربازە ئەمریکاییەکان لەگەڵ عەرەبەکان (و پێچەوانەکەی) بە کار دەبرێت. گرینگی و دەوری کاریگەری ئەم ئامێرە لە سازکردنی پەیوەندی لە نێوان هێزە ئەمریکاییەکان و کەسانی زمانی دیکەدا زۆر بەرچاوە.

کەڵکەکانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن لە سیستمە تەلەفۆنییەکاندا زۆر بەرچاو و دیارە. هەروەک دەزانین سیستمە ئۆتۆماتیکییە تەلەفۆنییەکان (وەک بەردەستی ئۆتۆماتیک، تەلەفۆنی قسەکەر و...) بەشێک لە خزمەتگوزاریی زۆربەی کۆمپانیاکان و ڕێكخراوەکانن. ئەم سیستمانە کە لە دوگمەکانی سیستمەکانی تەلەفۆن (بە شێوازی تۆن) بۆ پێدانی زانیاری و سازکردنی پەیوەندی کەڵک وەردەگرن، پێویستە کە پشتگیری لە سیستمی تۆن بکەن و ڕێنوێنی پێویست لە بەکارهێنانی شێوازی کەڵکوەرگرتن لە کلیلەکانی تەلەفۆن بڵاو دەکەنەوە، ئەم کێشەیە لە زۆرێک لە شوێنەکاندا دەبێتە هۆی بەکارنەهێنان و کردەیی نەبوونی ئەم سیستمانە. بۆ وێنە لە سیستمی تەلەفۆنی خوێندەوەی قوڕئاندا، کەسێک لەگەڵ ژمارەیەکی تایبەت پەیوەندی دەگرێت و دوای داواکردنی ژمارەی سووڕەت و ژمارەی ئایەت و ژمارەی تایبەت بە قورئانخوێنەکە دەتوانێت گوێ لە قوڕئان -بە تەنیا یان لەگەڵ وەرگێڕانەکەی- بگرێت. ئێستا وای دانێن کە کەسێک ژمارەی سووڕەتێک کە دەیهەوێت نایزانێت، دەبێت چی بکات؟ لە سیستمەکانی کە لەسەر بنەمای تۆنن ڕێگەچارە ئەوەیە کە گوێ لە ڕێنوێنی دوور و درێژ بگریت "تکایە ژمارەی ١ بۆ سووڕەتی فاتیحە، ژمارەی ٢ بۆ سووڕەتی بەقەرە، ژمارەی ٣،... و ژمارە ١١٤ بۆ سووڕەتی ناس بگرن". بەڵگەنەویستە ئەگەر بەکارهێنەر بیتوانیبایە ناوی سووڕەتەکە بێژێت زۆر سادەتر و ساکارتر کارەکە ئەنجام دەبوو، ئەم بابەتە بۆ ناوی قوڕئانخوێن و ئایەتەکەش هەر بەو شێوەیە.

وەک نموونەیەکی دیکە، سیستمە ئاریکارە دیجیتاڵەکان وەک Apple Siri و Microsoft Cortana  گشت سەرنجڕاکێشی و بەکەڵکییان لە توانایی ناسینەوەی ئاخاوتن هەیە. ئەم سیستمانە لە ڕاستیدا چینێک لە سەرووی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتنن و لە ئاستی تێگەیشتن لە ئاخاوتن و وتووێژ مامەڵە دەکەن، بەو شێوازە کار دەکەن کە بەکارهێنەر دەتوانێت لەگەڵیان قسە بکەت و ئەوانیش کارەکانی ڕۆژانەی بەکارهێنەر لەناو تەلەفۆندا ئەنجام دەدەن. بۆ وینە کاتێک دەڵەیت "دەمهەوێت سبەی کاتژمێر ١٠ لەگەڵ بەڕێوەبەری ئاسۆسافت کۆبوونەوەم هەبێت" سیستمەکە لە ڕۆژژمیردا ئەم کاتە دیاری دەکات و لەوانەیە زانیاریی یارمەتیدەر وەک شوێنی دیدارکەشتان لێ بپرسێت.

لە درێژەدا ژمارەیەک لە کەڵکە ناسراوەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن بە کورتی باس کراون. دیارە کە لەگەڵ باشتربوونی ڕۆژ لە دوا ڕۆژی توانایی ئەم سیستمانە، کەڵکی سیستمەکانیش زیاد دەبن.

بەشی سێهەم: سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن چۆن کار دەکەن؟

چەندین شێواز بۆ ناسینەوەی ئاخاوتن بوونی هەیە کە ناسراوترینیان لەسەر بنەمای ناسینەوەی پەتێرنە و زۆربەی سیستمە سەرکەوتووەکانی ئەمڕۆکە لەسەر ئەو بنەمایە کار دەکەن. لەم شێوازەدا دەنگ لە ڕێگەی کۆمەڵێک یەکەی دەنگی (وەک وشە، بڕگە، سێ_فۆنیم یان فۆنیم) مۆدێل دەکرێت بۆ ناسینەوەش لە ڕیزکردنی ئەم یەکەیانە بە دوای یەکدا، دەقی گونجاو بۆ یەکە دەنگییەکان دەناسرێتەوە.

وێنەی ١.مێعماریی سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتن

لە وێنەی ١دا پێکهاتەی باوی سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتن (بە شێوازی ناسینەوەی پەتێرن) پیشان دراوە. ئەو سیستمانەی کە لەم شێوازە کەڵک وەردەگرن دوو قۆناغی ڕاهێنان و تاقیکردنەوەیان هەیە. لە قۆناغی ڕاهێناندا پەتێرنە پەیوەندیدارەکان بە هەر پۆلێک کە ئەو یەکە دەنگییەیان هەیە مۆدێلسازی دەکرێن. لە قۆناغی تاقیکردنەوەدا بۆ ناسینەوەی یەکە دەنگییەکانی ناو ئاخاوتن، پەتێرنەکانی کە بە سیستم دەدرێن لەگەڵ ئەو پەتێرنانەی کە سیستمیان پێ ڕاهێنراوە لەگەڵ یەکتر هەڵدەسەنگێنرێن. هەر وەک لە وێنەکەدا دەبینین سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتن لەخۆگری دوو بەشی سەرەکیی دەرهێنانی تایبەتمەندییەکان و بەشی مۆدێل کردنە کە لە قۆناغی ڕاهێناندا بەکار دەبرێن. بۆ قۆناغی تاقیکردنەوە و کەڵکوەرگرتن بەشی بەکارهێنانی مۆدێل یان بەشی گەڕانی هەیە. یەکەی دەرهێنانی تایبەتمەندی کە هەندێک جار پێی دەوترێت یەکەی پێش پەردواتەکردن ، یەکێک لە بەشە پێویستەکانی هەر سیستمێکی ناسینەوەی پەتێرنە. ئامانجی ئەم بەشە ئەوەیە کە بە دەرهێنانی ژمارەیەکی کەم لە پارامێترەکان لە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتندا ڕێژەی مۆحاسبات و دووپاتە زیادییەکانی سیگناڵی ئاخاوتن کەم بکاتەوە. ئەو پارامێترانەی کە ئەم بەشە دەریان دەهێنێت، دەبێت لەگەڵ کەڵکی سیستمەکە هاوتەبا بێت، بۆ وینە لە ناسینەوەی ئاخاوتنی سەربەخۆ لە ئاخێوەردا، هەوڵ دەدرێت ئەو پارامێترانە دەربهێنرێن کە کەمترین هەستیارییان بە چۆنیەتیی دەڕبڕینی دەنگێک لە دیدی قسەکەر و بیسەرەوە ببێت. لە لایەکی دیکەوە بۆ بەکارهێنانی سیستمی پەیوەندیدار بە ئاخێوەردا زۆر گرینگە کە یەکەی دەرهێنانی تایبەتمەندی پارامێترە پەیوەندیدارەکان بە ئاخێوەر وەکوو پەیوەندیداری بە شێوازی دەربڕین، بیچم و درێژیی مەودای ئاخاوتن ، درێژیی هەنگاو و هتد دەربهێنێت. بەو پێیەی کە کارەکانی دواتر لەسەر ئەم تایبەتمەندییانە ئەنجام دەدرێت، بەکارهێنانی مێتۆدێکی باش بۆ ئەم کارە یەکێک لە هۆکارەکانی سەرکەوتوویی سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتنە. بەکارهێنانی مێتۆدەکانی دەرهێنانی تایبەتمەندیی سیگناڵ دەکات بە کۆمەڵێک پارامێتر کە پێی دەوترێت بۆرداری تایبەتمەندی و پۆلێنبەندی لەسەر ئەم پارامێترانە ئەنجام دەدرێت. پارامێترە بەکارهاتووەکان زیاتر لە شەبەنگی کورت و پەنجێرەبەندی کراوی سیگناڵ پێک دێت کە فرەیم یان قاڵبیشیان پێ دەوترێت. لە مێتۆدەکانی دەرهێنانی تایبەتمەندی، دوو مێتۆدی کۆدکردنی پێشبینیی هێڵی (PLP) و هاوکۆلکەی کێپستراڵی مێل-فرێکانس (MFCC) لە سەرکەوتووترین و باوترین مێتۆدەکانن.

لە قۆناغی ڕاهێناندا دوو مۆدێل بەکار دەهێنرێت کە دواتر لە قۆناغی تاقیکردنەوەدا کەڵکیان لێ وەردەگیرێت، مۆدێلی دەنگی و مۆدێلی زمانی . دەرهێنانی مۆدێلە دەنگییەکە لە دەیتای ئاخاوتن و بە شێوازی جیاجیا ئەنجام دەدرێت، ئەو شێوازانە بریتین لە: مۆدێلی خۆگونجاندنی کاتیی چالاک یان DTW (ئەم مێتۆدە کۆن و ساکارە لە تەلەفۆنی مۆبایلدا بۆ گرتنی ژمارەی تەلەفۆن لە ڕێگەی وتنی ناوی کەسەکەوە بە کار دەبرا)، تۆڕی نۆرۆنیی دەستکردی (ANN) و مۆدێلی شاراوەی مارکۆف (HMM). لە نێوان ئەم مێتۆدانەدا، مۆدێلی شاراوەی مارکۆف لەو مۆدێلانەی تر زیاتر بەکار هێنراوە و سەرکەوتووتر بووە و زۆربەی سیستمە کارپێکەرییەکان تا سێ چوار سال پێش لەم مێتۆدە کەڵکیان وەردەگرت، بەڵام لەم چەند ساڵەی دواییدا گەشەی تۆڕە نۆرۆنییەکان و بەکارهێنانی فێربوونی قووڵ (Deep Learning) سەرنجی توێژەرانی بەرەو لای خۆی ڕاکێشاوە و سەرکەوتنەکانی ئەم مێتۆدە بووەتە هۆی ئەوەی سیستمە بازرگانییەکانیش بچنە سەر ئەم بنەمایە یان بە شێوازی ئاوێتە لەگەڵ HMM بەکار بهێنرێن. لێهاتوویی زۆری فێربوونی قووڵ لە بەشەکانی دیکەشدا وەک دەرهێنانی تایبەتمەندی و مۆدێلی زمانی لەگەڵ مێتۆدەکانی دیکە ململانێ دەکات. مۆدێلە زمانییە بەکارهاتووەکان لە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتنی ئەمڕۆکەدا زیاتر مێتۆدە ڕێزمانی و ئامارییەکانن. لە مێتۆدە ڕێزمانییەکاندا هەوڵ دەدرێت کە لە ڕستە دەرچووەکاندا یاسا ڕێزمانییەکانی ئەو زمانە پیادە بکرێت و لە مێتۆدی ئاماریدا شیمانەی بە دوا یەکدا هاتنی وشەکان (وەک یەک وشە یان شیمانی ڕوودانی وشە لە زماندا، دوو وشە یان ئاماری ڕوودانی دووشە لە زماندا و ...) وەک مۆدێلی زمانی دەردەهێنرێت و بە کار دەبرێت، وشەنامەش لە بەشە سەرەکییەکانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتنە. وشەنامە لەخۆگری لیستی ئەو وشانەیە کە سیستم دەیانناسێتەوە. ئەو وشەنامانەی لە سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتنی بەردەوام بە ژمارەیەکی زۆری وشە بەکار دەبرێت جگە لە خودی وشەکان، زانیاریی جیای سەبارەت بە هەر وشەیەک تێدایە وەک شیمانەی ڕوودانی هەر وشەیەک لە زماندا، شیمانی ڕوودانی لە دوای وشەکانی ترەوە، دەورە ڕێزمانییەکەی لە ڕستەدا، بێژەی وشەکان. بەم وشەنامانە وشەنامەی مۆحاسباتیش دەوترێت.

دوای ڕاهێنانی مۆدێلەکان و کاتی تاقیکردنەوە یان بەکارهێنان دەبێت لەسەر تایبەتمەندییەکانی سیگناڵ، زنجیرەیەک لە دەنگە پەیوەندیدارەکان بناسرێنەوە و دەبێت بۆ ئەو زنجیرە دەنگییە کە ناسراوەتەوە باشترین زنجیرە وشە هەڵبژێردرێت، بەم ڕەوتە دەوترێت گەڕان. لە سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتنی بەردەوامدا بە هەبوونی مۆدێلی ئاکۆستیکیی یەکە دەنگییەکان، دۆزینەوەی یەکە دەنگییەکانی ئاخاوتنی پێدراو دەبێت بە پرسیاری گەڕان، بە شێوازێک کە باشترین وێکهاتنەوە لە نێوان زنجیرەی دەنگیی سیگنیاڵی پێدراو و مۆدێلی ئاکۆستیکیدا پێک بێت. لە کاتی گەڕاندا، شیمانەی هاوشێوەبوونی بۆرداری تایبەتمەندیی دەنگی پێدراو لەگەڵ مۆدێلەکانی پەیوەندیدار بە یەکە دەنگییەکان، حساب دەکرێت و زنجیرەیەک لە فۆنیمەکان وەک وڵامی گریمانە ئەژمار دەکرێت کە زۆرترین وێکچوونی لەگەڵ زنجیرەی ئاخاوتنی پێدراودا هەیە. لە گەڕانێکی گشتگیردا کە هەموو گریمانەکان لەبەر چاو دەگیرێن، ژمارەی گریمانەکان بە زیادبوونی دریژیی بۆرداری تایبەتمەندییەکانی ئاخاوتنی پێدراو بە شێوەیەکی توانی زیاد دەکات. لەبەر ئەم هۆیە لە جێگەی گەڕان لەناو هەموو بۆشایی گەڕاندا، تەنیا بە گەڕان لەناو بەشێکی بۆشایی گەڕاندا وڵامێکی ڕازیکەر دەدۆزنەوە. لە ناسینەوەی ئاخاوتنی بەردەوامدا شێوازی جۆراوجۆری گەڕان بوونیان هەیە. ناسراوترین شێوازەکان گەڕان لەسەر بنەمای ئەلگۆریتمی گەڕانی ڤیتێربی ئیش دەکەن. گەڕانی ڤیتێربیی تیشکی کە شێوازێکی لێهاتووتری گەڕانی ڤیتێربییە و گەڕان لەسەر بنەمای کۆما کە لەسەر بنەمای ئەگۆریمی گەڕانی A* ئیش دەکات. لەو سیستمانەدا کە وشەنامە گەورەیە و ئەو سیستمانەی کە یەکەی دەنگییەکانیان یەکەی بچوک وەک فۆنیم یان بڕگەن، دەبێت زنجیرەی دەنگی بکرێت بە زنجیرەیەک وشە. بەو پێیەی کە دەرخراوی دیکۆدێری ئاکۆستیکی، زنجیرەیەک لە فۆنیمەکانە کە هەڵەیان تێدان، بۆ گۆڕینی زنجیرەی فۆنیمەکان بە زنیجرەی وشە پێویستمان بە مۆدێلێکی زمانی و دیکۆدێرێکی زمانی هەیە. لە گۆڕینی زنجیرەی دەنگی بە وشەکان لە دوو شێواز دەکرێت کەڵک وەربگیردرێت. لە شێوازی یەکەمدا، زنجیرە فۆنیمی بەرهەمهاتوو لە دیکۆدێری دەنگی بەشێوەیەکی تەواو پێک دەهێنرێت، پاشان لە ڕێی داری وشەنامە و ئەلگۆریتمی گەڕان لە گرافدا، باشترین زنجیرە وشە بۆ زنجیرەی فۆنیم هەڵدەبژێردرێت. لە شێوازی دووهەمدا هاوکات لەگەڵ پێکهاتنی زنجیرەی فۆنیمەکان، باشترین زنجیرەی وشە بە گەڕان لە دارێکی وشەنامەدا پێک دێت. بەکارهێنانی زانیاریی زیاتری زمانی وەک زانیاریی ئاماریی ئاستی سەرووتر و بەکارهێنانی ڕێزمان دەبێتە هۆی گەیشتن بە ئاکامێکی باشتر. ئەم زانیارییانە دەتوانێت هەم لەسەر زنجیرەی کۆتایی وشەکان بۆ پێدانی خاڵی زیاتر بە گریمانەکان بە کار بهێنرێت و هەروەها کاتی پێکهاتنی زنجیرەی وشەکان لە زنجیرەی فۆنیمەکان بۆ بەرگیری لە زیادبوونی گریمانە هەڵە و لاوازەکان کەڵکی لێ وەربگیرێت.

بۆ تاقیکردنەوە سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتن لە یەکێک لە سێ شێوازی لابردنی هەڵە واتە: سڕینەوە، زیادکردن و جێگۆڕکێ کەڵک وەربگیرێت. هەڵەی سڕینەوە کاتێک ڕوودەدات کە یەکەیەکی دەنگی (وشە یان فۆنیم) لە سیگناڵی پێدراودا بوونی هەیە بەڵام نەناسراوەتەوە. لە هەڵەی زیادکردندا یەکەی دەنگی کە ناسراوەتەوە لە سیگناڵی پێدراودا بوونی نییە. ئەم هەڵەیە زۆرتر کاتێک ڕوو دەدات کە نۆیز بە یەکەیەکی دەنگی ناسراوەتەوە. کاتێک کە یەکەیەکی دەنگی بە هەڵە لە جێی یەکەیەکی دەنگی دیکە دەناسرێتەوە، هەڵەی جێگۆڕكی ڕوودەدات. بەپێی ئەم هەڵانە، بۆ هەڵسەنگاندنی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن، لە چەند پێوری هەڵسەنگاندنی کارامەیی کەڵک وەرگیراوە، کە وردبینی یان ڕێژەی ئەو وشانەی کە هەڵە ناسراونەوە باوترینیانە. وردبینیی ناسینەوە هاوتای ڕێژەی ئەو وشانەیە (بۆ یەکەی دەنگیی وشە) کە سیستمی ناسینەوەی ئاخاوتن بە دروستی ناسیونییەتەوە. ئەو وردبینییە بۆ سیستمە بازرگانییەکان لە سەرەوەیە، بۆ وێنە لە دوایین وشانی نەرمامێری Dragon وردبینی لە 99% زیاترە. وردبینییەک کە بەکارهێنەر لە هەلومەرجی کۆنترۆڵکراودا (ئاخاوتنی فەرمی) و ژینگەی بێ نۆیز لەم ئاستەدایە، بەڵام بە دوورکەوتنەوە لە هەلومەرجی دڵخواز وردبینی دادەبەزێت.

بەشی چوارەم: مێژینە و ئاستەنگەکانی سیستمەکانی ناسینەوەی ئاخاوتن

ئەمڕۆکە بە بۆنەی پێشکەوتنی بەرچاو لە دەیتا، توانایی پەرداوتن و بیرگەی کۆمپیووتەرەکان و هەروەها داهاتنی شێوازی نوێ لە ژیری دەستکرددا، وەک شێوازە ئامارییەکان و فێربوونی قووڵ لە بواری فێربوونی ماشینیدا، سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتن چی تر وەک خەونێک نییە و ئەو سیستمانە بەدی هاتوون. ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن  بە کاری گۆڕینی ئاخاوتنی مرۆڤ بۆ سەر دەق یان فەرمانێک دەوترێت. ئاسانکاری و خێرایی سازکردنی پەیوەندی لە ڕێگەی ئەم تەکنۆلۆژییەوە و کەڵکە بەربڵاوەکانی بووەتە هۆی ئەوە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ ژمارەیەکی زیاتر لە بەکارهێنەران ڕووی تێ بکەن.

یەکەمین هەوڵەکان بۆ سازکردنی سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتنی سروشتی لە ساڵی ١٩٤٠ەوە دەستیان پێکرد و هێشتاش وەک بوارێکی چالاک توێژنەوەی لەسەر دەکرێت. لەم سێ-چوار دەیەی دواییدا بەشێکی  بەرچاو لە توێژینەوەکانی بواری پەرداوتنی ئاخاوتن لەسەر ناسینەوەی ئۆتۆماتیکیی ئاخاوتن ئەنجام دراوە. ناوەندێکی سەرەکیی پاڵنەر بۆ ئەم توێژینەوانە ناوەندی توێژنیەوە پێشکەوتووەکانی ئامریکا (DARPA) بووە کە لە سەرەتای دەیەی ٧٠ی زایینەوە پشتیوانیی توێژینەوەیەکی بەربڵاو لەژێر ناوی توێژینەوەی تێگەیشتنی ئاخاوتن (SUR) دەکات. هەر کام لەم توێژینەوانە لایەنێکی تایبەت لە ئاخاوتنی زمانی ئینگلیسییان لەبەر چاو گرتووە. هەندێک لەوانە لە کەڵکی جیا وەک دەستڕاگەیشتن بە بنکەدراوەکان و بەڕێوەبردنیان، هەندێکی تر بۆ دیکتەی ئۆتۆماتیک و هەندێکی دیکەش بۆ وەرگێڕانی ئاخاوتن-بۆ-ئاخاوتن بە کار هاتوون. پڕۆژەی SUR بووە هۆی پێکهێنانی گرووپی توێژینەوەی جیا وەک CMU و SRI لە زانکۆی ئێستەنفۆرد، تاقیگەی لینکۆڵن لە زانکۆی MIT و کۆمپانیای BBN کە هەر کام لەم ناوەندانە ئێستا لە باشترین ناوەندەکانی توێژینەوەی جیهانن لە بواری پەرداوتنی ئاخاوتندا.

سەرەڕای چەند دەیە هەوڵ لە بواری ناسینەوەی ئاخاوتندا، دەستپێکی جێبەجێبوونی ئەم سیستمانە بۆ بوارگەلێک وەک تایپی ئۆتۆماتیک و ناسینەوەی ئاخێوەر لەسەر هێڵی تەلەفۆن لە زمانی ئینگلیزیدا دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی دەیەی ٩٠ی زایینی و سیستمگەلێک وەک Dragon Naturally Speaking و IBM Via Voice بە شێوەی وەک سیستمی بازرگانی کەوتنە بەر دەستی بەکارهێنەران. لەو سەردەمەدا و بە پێشکەوتنی توێژینەوەکان بۆ زمانی ئینگلیزی، کۆمپانیای جیاجیا لەسەر ئەم بوارە بۆ زمانەکانی دیکەش دەستیان بە توێژینەوە کرد. ئەمڕۆکە جگە لە تاقیگەی توێژینەوەیی گەورە کە لە سەرانسەری جیهاندا لەم بوارەدا توێژینەوە دەکەن، کۆمپانیا ناسراوەکانیش وەک Amazon، Google، Apple، Nuance، IBM، Philips، Microsoft و ... بە ڕوانگەیەکی بازرگانییەوە لەم بوارەدا دەستیان بە چالاکی کردووە.

ناسینەوەی ئاخاوتنی مرۆڤ پڕۆسەیەکی یەکجار ئاڵۆزە، هۆکاری ئەم ئاڵۆزییەش دەگەڕێتەوە بۆ ئاڵۆزیی لە کۆئەندامەکانی بەرهەمهێنان و ناسینەوەی ئاخاوتن لە خودی مرۆڤدا. هەروەها بە وردی، چۆنیەتیی کارکردنی ئەم کۆئەندامانە تا ئێستاش نەناسراوە. هەر بەو پێیەش سیستمەکان ناسینەوەی ئاخاوتن سیستمگەلێکی ئاڵۆزن، بۆ سادەکردنەوەی ئەو سیستمانە کۆمەڵێک سنووردارێتی ئەنجام دەدرێن. گرینگرترین پێوەرەکان کە لێهاتوویی سیستمێکی ناسینەوەی ئاخاوتن دیاری دەکەن بەم شێوازەی خوارەوەن.